شاعیر: کاکەی فەلاح
کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح
سەرناو: هەستێکی پیرۆز

دڵم وەک خونچە ئەگەشێتەوە
وەک ئەستێرەی گەش ئەدرەوشێتەوە

وەک گوڵ بە شەماڵ ئەشەکێتەوە
وەک ساوای نازدار ئەخنێتەوە: 

هەر کەناو بە ناو چاو ئەدەم زاخاو
بە «ژین و هیوا و شەفەق و هەتاو»

«ژین» هاوار ئەکا: کورد نەمردووە
ژیانی ئەوێ چونکە زیندووە

عومری لە ئەرکا بەسەر بردووە
لەمەینەتیدا هەلێ کردووە

بۆ ئەوەی بژی بەپێی دڵی خۆی: 
دەنگی ئەم «ژین»ە ڕابەرێکە بۆی

«هیوا»ش خەریکە بە ڕۆژ و بە شەو
کورد بۆ هیوای خۆی هەڵسێنێ لەخەو

بەواتەی جوان و ڕەنجی ئەم و ئەو
خەرمانی کومەڵ ئەکا شەن و کەو

بەڵێ «هیوا»مان جێگەی هیوایە
چونکە ئاوێتەی بیر و بڕوایە

«شەفەق»یش مژدەی شەبەقی پێیە
دەمەو بەیانی ناوشار و دێیە

بۆ کاروانی کورد مەشخەڵی ڕێیە
بەرەو قۆناخی جوان و بەجێیە

«شەفەق» ڕوناکی بەری بەیانە
ڕۆشن کەرەوەی شەوی ژیانە

دیارە دوای «شەفەق» نۆرەی «هەتاو»ە
ئەڵێ: تیشکی ڕۆژ وا بە ڕێگاوە، 

شەوگاری درێژ زۆری نەماوە
ڕوناکی گاڵی تاریکی داوە

گۆڤاری «هەتاو» تیشکی چرایە
بۆ «ژین» و «هیوا» و «شەفەق» برایە

ئەمانە بەهرەی «پێشکەوتن» مانن
هۆی بوژاندنەوەی وێژە و زمانن

مەشخەڵ هەڵگری ناو کوردستانن
جێگەی شانازی نەوەی کوردانن

بێ دەرد و بەڵاو گێرە و کێشەوە
هەنگاوتان بنێن بەرەو پێشەوە

***

بابە گیان وێنەت لە ناو چوارچێوەی دڵی منایە
شەپۆلی هەستی خۆشەویستی تۆ هیچ لە بن نایە

ساڵی هەزار و نۆسەد و پەنجا و هەشت بەجێت هێشتم
ماڵی سەیوانت لە ژێر سێبەری ئەرخەوانایە